تورکیا ئەردۆغان: به‌رانبه‌ر به‌ کوردستان به‌ شێوازی گوتاردانمدا ده‌چمه‌وه‌

ئەردۆغان: به‌رانبه‌ر به‌ کوردستان به‌ شێوازی گوتاردانمدا ده‌چمه‌وه‌

 

نووسەرێکی تورک: ئەردۆغان قسه‌ و هه‌ڵوێستی بەرامبەر گشتپرسی گۆڕاوە

 

 

نووسەرێکی بەنێوبانگی تورکی نزیک لە حکومەتی تورکیا دوایین هەڵوێستی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی گشتپرسیی کوردستان بەرزدەنرخێنێ و دەڵێت زمانی گۆڕاوە و هەندێک نەرم بووە.

عەبدولقادر سەلڤی، نووسەری رۆژنامەی حوڕییەت کە بە نووسەرێکی نزیک لە حکومەتی تورکیا دەناسرێت، رۆژی دووشەممە 2-10-2017 گوتارێکی بڵاوکردەوە و قسەکانی ئەردۆغانی لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی تورکیادا بەرزنرخاندن کە رایگەیاند خەڵکی باکووری عێراق (باشووری کوردستان) برسی ناکەن.

سەلڤی نووسیویەتی: "ئەردۆغان لە دەستپێکی پرۆسەکەدا بەتووندی قسەی دەکرد، بەڵام دواتر تۆنی دەنگی گۆڕا و ئێستا لە شوێنی لێدوانی تووند زمانێکی نەرم بەکاردێنێت، هەروەها هەوڵدەدات جیاوازی لەنێوان بارزانی و گەلی کورد بکات".

عەبدولقادر سەلڤی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەردۆغان بۆ یەکەمجار نەرمبوونی خۆی لە شاری ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان دەرخستووە و گوتوویەتی: کورد، خەڵکی باکووری عێراق پەیوەندییان بەو مژارەوە نییە. نووسەر باسی لەوە کردووە کە ئاکپارتی دەنگدەرێکی زۆری کوردی لە تورکیا هەیە و پرسێکی جددیش بەناوی پرسی کورد هەیە.
سەلڤی دەڵێت: "کاتێک کاردانەوە بەرامبەر گشتپرسیی بارزانی نیشاندەدەین، پێویستە دڵی هاووڵاتیانی کوردی خۆمان بریندار نەکەین، ئەردۆغان لەو ماوەیەدا دوای ئەوەی لەگەڵ هەندێک لە شارەزایانی ناوچەکە کۆبووەوە. لەمە تێگەیشت و تۆنی قسەکردنی بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان گۆڕی و زمانی نەرمکرد".

عەبدولقادر سەلڤی بەمشێوەیە ئاماژەی بە گفتوگۆی ئەردۆغان و بەشداربووێکی کۆبوونەوەکە داوە:

- گەوەرەم زمانی قسەکردنتان زۆر تووندە.

ئەردۆغان: گشتپرسییان بۆ سەربەخۆیی کرد چۆن تووند نەبم.

- راستە بڕیاری گشتپرسی زۆر بێمانایە، بەڵام زمانی ئێوەش زۆر تووندە.

ئەردۆغان: دەتوانم پێیدا بچمەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان کە لەسەرەتاوە دژایەتی بۆ گشتپرسیی باشووری کوردستان راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 1-10-2017 لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی هەمان پرس رایگەیاند: "ئێمە بە گەمارۆ خەڵکی هەرێمی باکووری عێراق (باشووری کوردستان) برسی ناکەین. هەمیشە پشتیوانی برایانی کورد دەبین و هیوادارین لەو هەنگاوەیان پاشگەزببنەوە". لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گوتی: "ئەگەر هەڵوێستی ئیدارەی باکووری عێراق بگۆڕێت وەک جاران لەپشتیان دەبین".

بابەتی زیاتر