سووریا ئەمەریكا: سووریا تەرمی لەسێدارەدراوەکان لە كوورە دەسووتێنێت و لەنێویان دەبات

ئەمەریكا: سووریا تەرمی لەسێدارەدراوەکان لە كوورە دەسووتێنێت و لەنێویان دەبات

 

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا:رژێمی بەشار ئەسەد سەرۆككۆماری سووریا ئەم تاوانانە بە پشتیوانی هەمەلایەنە و بێمەرجی رووسیا و ئێران ئەنجام دەدات

 

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت دەوڵەتی سووریا لە زیندانی سەربازی تۆقێنەری سیدنایا لە دەورووبەری دیمشق، كوورەی مرۆڤ سووتانی دروستكردووە بۆ لەنێوبردنی تەرمی هەزاران بەندكراوی ئەو وڵاتە، كە بە بەردەوامی لە نێو بەندیخانەدا لەسێدارەیان دەدات.

بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی واشینگتۆنپۆست، ستوارت جۆنز جێگری كاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژی دووشەممە 15ی ئایار گوتی رۆژانە لانیكەم 50 كەس لەم بەندیخانە بەدناوە بە شێوەی لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ لەسێدارە دەدرێن.

راپۆرتی ئەم دواییەی رێكخراوی لێبوردنی نێوەدەوڵتی بەندیخانەی سیدنایا بە قەسابخانەی مرۆڤ وێنا دەكات و گوتوویەتی هەزاران سووری رفێنراو و دەستبەسەركرا و لەوێ لەنێو دەبردرێن و ئاسەواریان نامێنێتەوە.

بە گوتەی جۆنز رژێمی بەشار ئەسەد سەرۆككۆماری سووریا ئەم تاوانانە بە پشتیوانی هەمەلایەنە و بێمەرجی رووسیا و ئێران ئەنجام دەدات.

ئەو گوتوویەتی زانیارییە سەرەتاییەكانی لە سەرچاوە ناحوكمی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و هەروەها راپۆرتەكانی هەواڵگری وەرگرتووە.

جۆنز گوتی حەفتەی رابردوو لە میانەی دیداری سێرگئی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی رووسیا لە واشینگتۆن، رێكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتوویەتی كە "رووسیا دەبێت ئێستا بە خێرایی، لە نفووزی خۆی لە نێو رژێمی سووریا كەڵك وەربگرێت".

 

بابەتی زیاتر