
ئەحمەد عەسکەری: بەھۆی میلیشیاكانى حه‌شده‌وه کوشتن و دزيكردن لە کەرکووك زیادیان کردووە
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند، بەھۆی میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و سوپای عێراقه‌وه، دۆخی ئەمنی شاری کەرکوک بەتەواوه‌تی تێکچووە و تاوانه‌كانى کوشتن و ڕفاندن زیادیان کردووە.
ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك، بە رۆژنامەی باسنیوزی، ڕاگەیاند: "بەھۆی داگیركردنى كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و سوپای عێراقه‌وه، دۆخی شارەکە بەتەواوه‌تی تێکچووە، بەجۆرێک تاوانەکانی کوشتن و تاڵان‌کردنی ماڵان زیادیان كردووه و بوون به دیارده".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌به‌و هۆیه‌وه ھاووڵاتییان لە ماڵەکانی خۆیانیشدا لە ژیانیان دڵنیا نین، گوتیشی: "ئەوەی ئێستا عەبادی بەرامبەر ھاووڵاتیانی کوردستان دەیکات، کارێکی ناڕەوا و نایاساییه و تووشى له‌خۆبایی بوون بوون، دەبێ ئەوە بزانێت کە تاسەر ناتوانێت لەو کارە نامرۆڤانە بەردەوام بێت".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و سوپای عێراق دۆخێکی ناھەمواریان لە کەركووك خولقاندوە، شتێک نەماوە بەناوی یاساوه، چونکە ڕۆژانە تاوانى دزینی ئۆتۆمبێل، دزینی ماڵ و تاڵانكردنى دوكان ئه‌نجام ده‌درێن، بەبێ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن".
ئەحمەد عەسکەری، باسی لەوەشکرد، كه ھاووڵاتیانی شاری کەرکوک داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە دەکەن، چونکە ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووك باش ئەو ڕاستییە دەزانن، کە ھێزی پێشمەرگە بەبێ جیاوازی ھەموو پێکھاتەکانی شاره‌كه‌ى ده‌پاراست.