تورکیا بەڤیدیۆ: بایده‌میر وه‌ڵامی ئۆردۆگان ده‌داته‌وه‌

بەڤیدیۆ: بایده‌میر وه‌ڵامی ئۆردۆگان ده‌داته‌وه‌

 

"گه‌ر فه‌له‌ستین به‌ سته‌ملێکراو ده‌زانی، کوردیش زۆر سته‌ملێکراوتره‌"

 

 

پەرلەمانتاری شاری ئورفە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی شاری ئۆرشەلیم (قودس)ـەوە، وەڵامی سەرۆک کۆماری تورکیا دەکاتەوە.

عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، رووی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دەکات و دەپرسێت، ئەگەر فەلەستین داگیر کرابێت، ئەی کوردستانیش داگیر نەکراوە؟

عوسمان بایدەمیر ئاماژە بەوە دەکات، کە ئاکەپە بە بڕیاری ئەردۆغان دەستی بەسەر 96 شارەداریدا گرتووە، شارەدارە کوردەکانی دەستگیر کردووە و کەسانی سەر بە خۆیان لە شوێنیان داناوە.

هەفتەی رابردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە سووکایەتییەوە لە عوسمان بایدەمیری پرسی، ”کوردستان لە کوێیە؟“، بایدەمیریش بە دانانی دەستی راستی لەسەر دڵی، ئاماژەی بەوە کرد، کە ”کوردستان لەناو دڵمان دایە“ و وێنە و گرتە ڤیدیۆی ئەو چرکە ساتە دەنگدانەوەی زۆری دروست کرد و بووە جێی خۆشحاڵیی هەموو کوردستانییان.

دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئۆرشەلیمەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا دژایەتیی خۆی بۆ ئەو بڕیارە نیشان داوە و خۆی وەک پارێزەری ئۆرشەلیم ناساندووە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 6/12/2017، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و تێیدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند.

ئیسرائیل شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی خۆی ناساندووە و فەلەستین و عەرەبیش بە شارێکی پیرۆزی خۆیانی دەزانن.

بابەتی زیاتر