کوردستان مەلا بەختیار: پێویستە دوور لە پیلانگێڕی بچینە ناو كۆنگرەی یه‌کێتی

مەلا بەختیار: پێویستە دوور لە پیلانگێڕی بچینە ناو كۆنگرەی یه‌کێتی

 

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەبارەی كۆنگرەی داھاتووی حزبەكەی رایدەگەیەنێت "پێویستە هەوڵبدرێت، كێشەكان لەكۆنگرە بەڕۆحییەتی باشەوە چارەسەر بكەین، نەك بەڕۆحییەتی پیلانگێڕی پاكتاوكردن ‌و تۆڵەسەندنەوە".

لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی مەڵبەندی رێكخستنی هەولێری حزبەكەی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی گوتی: "پێویستە دوور لەهەر پیلانگێڕییەك بچینە ناو كۆنگرەو ئەگەر لەكۆنگرەش هەوڵبدەین لە 20% كێشەكانیش چارەسەر بكەین، ئەوا هۆكارێك دەبێ‌ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".

لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا مەلا بەختیار رایگەیاندووە: "كۆبوونەوەكە بۆ ئەوە نییە تیایدا پاساو بۆ هەڵەو كەموڕییەكان لەناو خۆمان‌ و لەناو حكومەت بهێنمەوە، بەپێچەوانەوە باوەڕموایە یەكێتیی لەم هەڵبژاردنەداو بەتایبەت كە بەرەو كۆنگرەش دەڕۆین، سیاسەتێكی رەخنەگرانەی هەبێ‌ لەسەر هەموو ئەو جومگانەی كە بوونە مایەی ئەو نیگەرانییانەی لەناو یەكێتیدا سەریانهەڵداوە‌و هەوڵیش بدرێت، كێشەكان لەكۆنگرە بەڕۆحییەتی باشەوە چارەسەر بكەین، نەك بەڕۆحییەتی پیلانگێڕی پاكتاوكردن‌و تۆڵەسەندنەوە".

راشیگەیاندووە: "بۆ ئێمەومانان كە بنی دێڕەكانیش دەخوێنینەوە، تێدەگەین كە هەن كوردایەتییەكەیان بەفەلسەفەی لیبرالیزمی نوێ‌، چەندە كاڵبۆتەوەو نیشتمانپەرستی عێراقیان لەسەر حسابی مافی چارەی خۆنوسین زاڵبووە".

لەبارەی ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو مەلا بەختیار دەڵێت: "تائێستا لەخراپترین هەلومەرجی هەڵبژاردنداین، نە لەناوچە كێشە لەسەرەكان ‌و نە لەسەر ئاستی عێراقیش، توانیومانە لیستی هاوبەشی كوردستانی دروست بكەین. بەداخیشەوە كە هەستدەكەین عەرەب سازاوەو كورد ترازاوە".

پێشتر هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و هاوسەری مام جەلال، راگەیاندبوو کە رۆژی 7 ئاداری ساڵی 2018 رۆژی به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت، بەڵام دواتر چەند سەركردەیەكی یەكێتی، ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد كە ئەو قسەیە تەنھا پێشنیازە و بۆ دیاركردنی رۆژی كۆنگرە دەبێ ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كۆببێتەوە.

بابەتی زیاتر