کوردستان سەرۆکوەزیران: تۆمەتبارکردنی هەولێر بە هەبوونی دەست لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بە کۆمیدی دەچێ

سەرۆکوەزیران: تۆمەتبارکردنی هەولێر بە هەبوونی دەست لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بە کۆمیدی دەچێ

 

نێچیرڤان بارزانی: دەبێ گۆڕان و کۆمەڵ وەڵامی ئەوە بدەنەوە کە بۆچی تازە وەزیرەکانیان دەکێشنەوە و داوای دەست لەکارکێشانەوەی هیچ وەزیرێک قبووڵ نەکراوە

 

 

 

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستان بە هەبوونی دەست لە خۆپیشاندانەکانی ئێران، زۆرتر ”بە کۆمیدی“ دەچێت و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دەبێ گۆڕان و کۆمەڵ وەڵامی ئەوە بدەنەوە، بۆچی دوای چوار ساڵ، تازە وەزیرەکانیان دەکێشنەوە.

لە میانی پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی کە هاوکات سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، ئاماژەی بەوە کرد: ”خۆشحاڵین لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ئامادەبوونی بەشێکی زۆری سەرکردایەتیی یەکێتی پێشوازی کراین. کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەپێی ئەو قۆناغەی ئێستا لە کوردستان هەیە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، گەیشتینە ئەو ڕێککەوتنەی کە کۆبوونەوەکەمان لە ئایندەش بەردەوام دەبێت. کۆکین لەسەر ئەوەی کە ئەوەی بەرەو سەرکەوتنمان دەبات، ئەوەیە کە لە ناوخۆمان یەکگرتوو بین“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”بابەتی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، من لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی پێشتریش گوتوومە کە ئەوەندەی گوتوومانە ئامادەین، خەڵکیشم بێزار کردووە. لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، ئامادەین کێشەکانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین. ئێمە هیوادارین بەغداش ئەو رەغبەتەی هەبێ، هەرکاتێ ئامادە بن، ئێمەش ئامادەین“.

لەبارەی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتیش گوتی: ”پەیوەندیی یەکێتی و پارتی مێژووییە، ئەو دوو لایەنە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ ئەم دۆخە هاتوون تا گەیشتووتە ئەم لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی هەیە. هەرچی لە کوردستان دەکرێ، مەرجی یەکەمی ئەوەیە کە نێوان یەکێتی و پارتی هەروەها یەکێتی و پارتی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکە باش بێت. پێمانوایە دەبێ ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بێت و لەگەڵ هەموو لایەنەکان پێکەوە بین و مەرجی سەرکەوتنمان ئەوەیە ئەم قۆناغە بە یەکگرتوویی تێپەڕێنین“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە سەردانەکەی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بۆ بەغدای پایتەختی عێراق کرد و ڕای گەیاند: ”ئاگاداری سەردانی سێ لایەنەکەی کوردستان بۆ بەغدا نەبووین، پێمانوایە دەبووایە هەموو لایەنەکانی کوردستانیان لەگەڵدا بووایە، تاوەکوو بە یەک دەنگ بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکەن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی خۆی لە پەرلەمان و خەڵکی کوردستان وەردەگرێت، دەبێ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە لە ڕێگەی سندووقی دەنگدان بێت، ئەمەش لە ڕێگەی حکوومەتی بەغدا پێمان خۆشە ئەگەر ئەو سێ لایەنە لەگەڵ لایەنی عێراقی قسەیەکی خێریان کردبێ“.

نێچیرڤان بارزانی باسی لە تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئێران بە هەبوونی دەست لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کرد و گوتی: ”لەبارەی ئەوەی ئێمە دەستمان لە ئاڵۆزییەکانی ئێران هەبێت، زیاتر لە کۆمیدی دەچێت تاوەکوو لە ڕاستی، ئێمە بەهیچ شێوەیەک لە هەرێمی کوردستان دەستمان لەو کێشانەدا نییە لەگەڵ ئێران، ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە و هەمیشە خوازیاری پەیوەندییەکی باشین لەگەڵ ئێران، ئەم سیاسەتە سیاسەتی هەموو لایەنەکانە وبەردەوام دەبێت، هەرگیز نابین بە هۆکاری تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئێران، ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت، بابەتێکی ناوخۆیی خودی ئێرانە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و هیوادارین لە چوارچێوەی ئێراندا چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە“.

جەختیشی لە گرنگیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و نەیشاردەوە کە دیدارەکانیان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و ئەنگێڵا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ”گرنگ بوون“.

لەبارەی دەست لەکار کێشانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان و کۆمەڵیش، نێچیرڤان بارزانی نەیشاردەوە کە ئەو بابەتە ڕێکاری یاسایی خۆی هەیە و ڕاستە دەست لەکار کێشانەوەیان کردووە، بەڵام دەبێ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندیان بکات. گوتیشی: ”ئێمە هێشتا تێنەگەیشتووین ئەوان بۆ لە حکوومەت نەکشاونەتەوە، وەڵامی ئەوەمان دەوێ، چوارساڵە لەگەڵماندان تازە تێگەیشتوون ئەم حکوومەتە وایە و وایە، دەبێ قسەیان لەگەڵدا بکەین بزانین چییە بابەتەکە“.

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد: ”لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆمان، باسی ئەوەمان کرد کە پشتگیری لەوە دەکەین، هەموو هێزە کوردستانییەکان پێکەوە بەشدار بین لە هەڵبژاردنەکانی عێراق“.

 

بابەتی زیاتر