کوردستان سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بانگێشتی به‌ریتانیا ده‌كرێت

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بانگێشتی به‌ریتانیا ده‌كرێت

 

باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق: هه‌وڵی جددی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ده‌ین

 


له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ن كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن.

ماڵپه‌ری فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15/1/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ جۆن وێڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و مارتن وار كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا باس له‌ دوا پێشهاته‌كان و گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا كرا، به‌تایبه‌تی گفتوگۆی ئه‌و شاندانه‌ی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدرال له‌ به‌غدا و هه‌ولێر. هه‌ردوولا جه‌ختیان له پێویستیی به‌رده‌وامیی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیا كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و دروستكردنی كه‌شێكی گونجاو به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر گشت پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

باڵیۆزی به‌ریتانیا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ن كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن و كه‌شێكی گونجاویش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌یه، هه‌روه‌ها بانگهێشتى نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی دووپات كرده‌وه‌ تاكو له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا سه‌ردانی به‌ریتانیا بكات.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نه‌ێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

بابەتی زیاتر