کوردستان گۆڕان و کۆمەڵ پێشنیازیان بۆ بەغدا کردووە تا دوای هەڵبژاردن مووچەی کوردستان نەدات

گۆڕان و کۆمەڵ پێشنیازیان بۆ بەغدا کردووە تا دوای هەڵبژاردن مووچەی کوردستان نەدات

 

 

ئەو شاندەی کە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ بەغدایان رەوانە کرد، پێشنیازیان بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، پێدانی مووچە و رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوا بخات بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی کوردستان، هاوکات بە باشیشیان زانیوە، ئەگەر مووچەی وەزارەتەکانی نارد لەڕێگەی پارێزگاکانەوە بینێرت، نەک رادەست بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بکات، یاخۆ هەر وەزارەتێک لە بەغدا سەرپەرشتیی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی هاوشێوەی بکات لە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە ئەجێندای شاندەکەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، کە لە هەفتەی رابردوودا سەردانی بەغدایان کرد، بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی، باسیان لەوە کردووە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە ئێستا بە قازانجی پارتی و یەکێتی دەبێت و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر بەو دوو هێزە دەسەڵاتدارەی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە، باشترە ئەو پرسە بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی کوردستان.

هاوکات هەر لە گفتوگۆکانیاندا، بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، باسیان لەوە کردووە ئەگەر بێت و بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی نارد، کە ئێستا لیستی مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی هەرێم لە بەغدایە و وردبینیی تیادا دەکرێت، باشترە پارەکە لە ڕێگەی پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکانەوە بگاتە دەستی فەرمانبەرانی کوردستان، نەوەکو لە رێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەکو ساڵانی پێش 2014 بێت، یان یاخۆ هەر وەزارەتێک لە بەغدا سەرپەرشتیی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی هاوشێوەی بکات لە هەرێمی کوردستان.

لەم بارەیەوە د. عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، چوونی ئەو شاندە بۆ بەغدا، تەنیا مەبەست لێی ئەجێندای سیاسیی خۆیان بووە، گوتی: ”حەیدەر عەبادی، خۆیشی لەگەڵ ئەوەدایە کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان درێژەی هەبێت و لەو رێگەیەوە ئەو حکوومەتەی ئێستای هەرێمی کوردستان شکست بهێنێت“.

ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەوەی عەبادی دەیەوێ شکست بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بهێنێ، دەیەوێ لەو ڕێگەشەوە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ خۆیشی بکات، گوتی: “هەندێ لایەنیش لە کوردستان ئەجێنداکانیان روونە، کە هەمان ئەو ئەجێندایەیە کە حەیدەر عەبادی لەبەرامبەر بە کوردستان هەیەتی، ئەگەر نا لەو کاتەی خەڵکی پێویستی بە یەکڕیزیی نیشتمانی هەبوو، ئەوان لە حکوومەت نەدەکشانەوە و بەرپرسیاریەتیی قۆناغەکەیان لەئەستۆ دەگرت“.

لە چەند رۆژی رابردوودا، سەفین دزەیی، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەگەر ھاتە سەر ئەوەی بەغدا گوتی ڕاستەوخۆ و بێ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مووچە دەدەمە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تەندروستی یا پەروەردە، ئەوە بە ڕاستی گەمەیەکە نابێت بە ھەست و قووتی خەڵکی کوردستانەوە بکرێت.

گوتیشی: "ھیوادارین بەغدا مووچەی ئەو وەزارەتانە و وەزارەتەکانی دیکەیش بنێرێت، چونکە ناردنی مووچە و بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێم واتای جێبەجێکردنی دەستوور و ئەو ڕێککەوتننامانەیە کە پێشتر لەنێوان بەغدا و ھەولێردا ھەبووە، ئەگەر نا ناردنی مووچە واتای سەدەقە کردن نییە بە ھەرێمی کوردستان، ئەوە لەو شایستە داراییانەیە کە مافی ھەرێمی کوردستانە".

لای خۆشیانەوە سێوە خدر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە فراکسیۆنی گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەوەدانین قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێتەوە، بەڵام لە رووی ئابوورییەوە پێدانی پارە بە پارێزگاکان باشترە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: “لەلایەک ئەو حکوومەتە متمانەی نەماوە، لەلایەکی دیکەش پارەکە زووتر دەگات بە دەستی فەرمانبەران، لەبەرئەوە باشترە ئەگەر بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی نارد، بیداتە پارێزگاکان، یان لەڕێگەی بانکی نێودەوڵەتی و متمانە پێکراوەوە دابەشی بکات”.

لای خۆیشیانەوە، ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی شاندی کۆمەڵ بۆ بەغدا، بۆ (باس) رای گەیاند، لە سەردانەکەیان بۆ لای حەیدەر عەبادی و بەرپرسە عێراقییەکان، بەدڵنیاییەوە باسیان لە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کردووە، بەتایبەتی بودجەی ئەمساڵی عێراق و کەمکردنەوەی بەشە بودجەی کوردستان، جگە لەوە شتێکی دیکە نەگوتراوە، گوتی: “لەو دانیشتنەدا باسمان لە سێ تەوەر کردووە، کە یەکیان مووچەی فەرمانبەران و ئەوەی دیکە پرسی ناوچە جێناکۆکەکان و هەڵبژاردنی ئایندە بووە، لە هەر تەوەرێک سێ کەس لە شاندەکە قسەی کردووە”.

ئاماژەی بەوەش دا، هەموو شتێکیان لە بەلاغی شاندەکە و مەبەستی سەردانەکەیان باس کردووە، ئەوە رای هەرسێ لایەنی شاندەکەیە.

بەپێی ئەو بەلاغەشی کە شاندەکە دوای گەڕانەوەیان لە بەغدا بڵاویان کردووە، تیایدا هاتووە: “پرسی‌ بودجە و مووچە و شایستە داراییەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان و ماف و ئیمتیازی هێزەكانی پێشمەرگە یەكێك بووە لەو پرسە گرنگانەی‌، كە بە بایەخەوە باسمان كردووە و داوامان لە عەبادی‌ كرد وەكوو بەشێكی‌ گرنگ لە ئەرك و بەرپرسیارییەتەكانی‌ بەرامبەر بە هاووڵاتییانی‌ كوردستان سنوورێك بۆ نەهامەتییەكانی‌ خەڵك دابنێت“.

 

بابەتی زیاتر