وتار خالی تەرکیزی سیاسەتی ئابووریی دەبێ بگۆڕین

خالی تەرکیزی سیاسەتی ئابووریی دەبێ بگۆڕین

 

ئێستا بارو دۆخ زەحمەتە ، سیاسەتی ئێستامان دەبێ بریتی بێ لە هەڵستانەوە و خۆ رێکخستنەوەی دووبارە  و پشتیوانی لە گشت کیانی کوردیی، بەلام ئەمە مومکین نییە ئەگەر وەک جاری جاران خالی سەرەکی سیاسەتی ئابووریی کەم کردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات بێت

 

 

کۆمەلگای کوردیی بە سیاسی و ئاکادێمییەوە لەم چەندسالەدا ئیدارەی ئابووریی کوردستانیان داوە، کە باری دارایی حکوومەت باش بووە ، پرۆژەی جۆراو جۆریان بە ئەنجام گەیاندوە و زۆرێک لەو پرۆژانە واتایەکی ئەساسییان هەبووە وەک  زۆرێک لە پرۆژەکان لە بواری ژێرخان و خەدەماتدا و ئەگەر باری داراییش لاواز بووە  باس بۆتە باسی مووچە و لەبەر مووچەش کزی بازار. ئەم فۆرمول و تێگەیشتنە لە ئابووریی لە سەر بنەمای سیاسەتێکی پارە بێت و خەرجی کەین، -کەش فلۆ- وەک خالی سەرەکی ئیدارەی ئابووریی نیشاندەری ناروونییەکی قوولە سەبارەت بە سیاسەتی گەشەپێدانی ولاتدا.

هەبوونی کەش فلۆ لەبەردەستدا  و بەتایبەت لە دەست ئەحزابدا زیاتر لە حکوومەت، بۆتە هۆی پرۆژە و کار نەک لە سەر بنەمای پێداویستییەکانی گەشەی ولات بەلکوو تا رادەیەکی بەرچاو بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی گروپ و تاک.

ئەمەش بۆتە هۆی ناسەنگی لە نێوان خواست و خستنەرو لە گشت بەشە بازارەکانی ئابووریی ولاتدا. نەبوونی هاوسەنگی لە نێووان خواست و خستنەروودا خۆی هۆکارێکی گرینگی قەیرانە ، خۆی هۆکارێکی گرینگی بێ دەستەلات کردنی سیاسەتە لە ئابووریی ولاتدا و خۆی هۆکارێکی گرینگە لە توانای ناحەزان بۆ بەکار هێنانی ئابووریی وەک چەکێک لە دژی کوردستاندا.

بۆیە سیاسەتی باوی چەند سالی رابردووی پێشنیار کراو لە لایەن بانکی جیهانییەوە یان کۆتایی پێدێنین یان گرفتی زیاترمان بۆ دەخولقێنێت، ئەم سیاسەتە ناتوانێ سەرکەوتوو بێت لە بار و دۆخی زۆر تایبەتی کوردستاندا کە تەرکیز بە شێوەی گشتی دەخرێتە سەر کەم کردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات، ئەم سیاسەتە  ئاکامی خەراپی بە دوایدا دەبێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هیچ چارەسەرییەکی نییە بۆ هۆکاری سەرەکی قەیرانی دارایی کە نەبوونی هاوسەنگییە لە نێوان خواست و خستنەروو بۆ هێزیکاری کوردستان.

ئەگەر بێتو ئەم ئەسلە بنەرەتییەی ئابووریی پەیرەو بکەین کە لە گشت بەشەکاندا بۆ نموونە، هێزی کار، تەماتە ، پەتاتە، گۆشت، و هتد  تەرکیز لەسەر  خواست و خستنەروو دا بکەین و بزانین لە چیدا و چۆن ئەم بالانسە هاوسەنگ نییە  زۆر زیاتر دەتوانین  تەنانەت لە بار و دۆخی زۆر دۆژواریی ئێستاشدا  گرفتەکانمان چارەسەر بکەین. ئەوەی پێدەگۆتری مارکێت فێلییەر. کوورتهێنانە کانی بازار/ بە نیسبەت هەر شتێک دەبێ دەست نیشان بکرێ و لە سەر ئەم بنەمایە سیاسەت دابرێژین.

لە ئێستا و چەند سالی داهاتووشدا چۆنییەتی هەڵس و کەوتی ئێمە لەگەل کورتهێنانەکانی بازاری هەر بابەتێک و چارەسەرییانە  و هەروەها چەسپاندنی ، کارو چالاکی تازە و هەڵی کاری تازە وەک پێوەر بۆ سەرکەوتوو بوون و نەبوونی سیاسەتی ئابووریی حەسێبی لە سەر دەکرێ.

ئەم ئەرکەش بە ئۆرگانێکی تایبەت بە سیاسەتی گەشەی ولاتەوە  کە وەک تاسک فۆرس ، گروپێکی تایبەتمەند ،دەکرێ ئەنجام بدرێ و نەک ئەوە کە هەر وەزارەتە خۆی بە بەرپرسی سیاسەتی گەشەی ولات بزانێ.

ئێستا بارو دۆخ زەحمەتە ، سیاسەتی ئێستامان دەبێ بریتی بێ لە هەڵستانەوە و خۆ رێکخستنەوەی دووبارە  و پشتیوانی لە گشت کیانی کوردیی، بەلام ئەمە مومکین نییە ئەگەر وەک جاری جاران خالی سەرەکی سیاسەتی ئابووریی کەم کردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات بێت. لە ئێستا دا گرینگە کە بزانین چ دەکەین بەلکوو گرینگتر ئەوەیە کە چۆن بیر دەکەینەوە. لەبەر ئەوە کە کۆمەلگای کوردستان هەر چۆنی بروانین لە توانای دایە هەلستێتەوە و خۆی رێکبخاتەوە و داهاتوویەکی گەش بۆ خۆی دابین بکات، نابێ قەیران کە سەرچاوە و دایکی داهێنان و تازە بیرکردنەوەیە ، بێ هیوامان بکاتەوە.

 

بابەتی زیاتر