تورکیا "بارزانی لەخۆیەوە باسی سەربەخۆیی نەخستووەتەڕوو"

"بارزانی لەخۆیەوە باسی سەربەخۆیی نەخستووەتەڕوو"

 

رۆژنامه‌نووسێكی توركیا وه‌ڵامی سەركردەیەك ده‌داته‌وه‌: با واز لە کوردۆفۆبی بھێنین

 


ئاسڵی ئایدن تاشباش رۆژنامه‌نووسی دیاری توركیا و شاره‌زا له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌، له‌ نووسینێكدا كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی (جومهوریه‌ت)ی توركی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ره‌خنه‌ی توند له‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا ده‌گرێ به‌وه‌ی گوتبووی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌بێته‌ هۆكاری شه‌ڕێكی گه‌وره‌.

رۆژنامەنووسەكە به‌ باخچه‌لی ده‌ڵێ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی 2015وه‌، توركیا یه‌كێك له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی لاوازی دیموكراتییه‌، بۆیه‌ سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمی كوردستان به‌ تۆ چی؟ بۆچی توركیا ده‌خه‌یته‌ ناو شه‌ڕێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی خراپه‌؟

ئاسڵی پێیوایه‌ كه‌ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ خۆیه‌وه‌ بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نه‌خستووه‌ته‌ به‌ر باسه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ده‌ستووری عێراقدا ئه‌و مافه‌ به‌ كورد دراوه‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی بكات، به‌ تایبه‌ت میلله‌تی كورد له‌ سه‌رده‌می سه‌دام حوسێندا رووبه‌رووی چه‌ندین كۆمه‌ڵكوژی بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زاریان لێ كوژراوه‌.

ئه‌و ره‌خنه‌ له‌ باخچه‌لی ده‌گرێت به‌وه‌ی نه‌یتوانیوه‌ ستراتیژییه‌تێكی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا، هه‌روه‌ها ده‌ستی خستووه‌ته‌ ناو ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و دیموكراتییان به‌ ته‌واوی له‌ توركیا رووخاندووه‌، كه‌چی دێت ده‌ست له‌ كاروباری كورده‌كان وه‌رده‌دات و ئه‌و مافه‌ی به‌ پێی ده‌ستوور پێیاندراوه‌ پێشێلی ده‌كات و داوا ده‌كات هێرشیان بكه‌ینه‌ سه‌ر.

ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌ت، بۆیه‌ له‌سه‌ر توركیا پێویسته‌ په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت نه‌ك دژایه‌تی بكات. به‌ڵام باخچه‌لی ئێستە ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نه‌هێڵێ و بیگوازێته‌وه‌ بۆ شه‌ڕكردن، بۆیه‌ گرنگه‌ مێژوو باش بخوێنێته‌وه‌ تا واز له‌ كوردۆفۆبی بهێنێت.

باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ كورده‌كان مافی خۆیانه‌ ببنه‌ ده‌وڵه‌ت و هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌شیان هه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تی، نموونه‌ په‌رله‌مان، پاره‌، هێز و بانكی ناوه‌ندی، تاكه‌ شتێك كه‌ هه‌رێمی كوردستانی به‌ عێراقه‌وه‌ به‌ستبووه‌وه‌، نه‌وت بوو، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش پچڕا و ئێستە بۆ خۆیان سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی خۆیان ده‌فرۆشن.

ئه‌سڵی ده‌ڵێت عێراق له‌ هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی بۆ كورد پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا به‌ڵێنی شه‌ڕی تایه‌فی و نانه‌وی ئاژاوه‌ی بردووه‌ته‌ سه‌ر، بۆیه‌ حاڵ وا بێت، كێ پێی ناخۆشه‌ كورده‌كان جیاببنه‌وه‌ و ببنه‌ خاوه‌نی وڵاتی خۆیان؟

بابەتی زیاتر