کوردستان "سەردانی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ لای عەبادی بەڵگەیەکی ڕوونە“

"سەردانی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ لای عەبادی بەڵگەیەکی ڕوونە“

 

" گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە پیلانەکانیان دژ بە کوردستان بەردەوامن "

 

 

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە پیلانەکانیان دژ بە هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، بە رۆژنامەی باسنیوزی ڕاگەیاندووە: "بەھۆی ڕێککەوتنی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک و خورماتوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر کراون و ئەو چەکدارانە لەو ڕۆژەوە تا ئێستا، پێشێلکاری گەورەیان لەو شارانە ئەنجام داوە".

سەبارەت بە سەردانەکەی پاڤڵ تاڵەبانی بۆ لای حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەرسەلان عەلی، گوتی: "ئەو سەردانە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر تا ئێستا لە پیلانگێڕییەکانیان لەدژی کورد بەردەوامن و ھەوڵ دەدەن درزی زیاتر بخەنە ناو ماڵی کورد و کۆبوونەوەی پاڤڵ تاڵەبانی و عەبادی، نیشانە پرسیاری لەسەرە و جێگەی مەترسییە".

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی کردەوە: "خەڵکی کەرکووک و خورماتوو باش دەزانن بە ڕێککەوتنی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شارەکەیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کرا و خەڵک لەو گرووپە ناڕازاییە".

ئەرسەلان عەلی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەو شاندە کۆمەڵایەتییەی خورماتوو کە سەردانی بەغدا و کەربەلایان کردووە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجام داوە، تەنیا بۆ خستنەڕووی تاوانەکانی حەشدی شەعبی بووە لە خورماتوو، بەڵام ئومێدی ھیچ شتێک ناکەین کە بتوانرێت بارودۆخی خورماتوو باش بکرێت".

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی ٢٧/١٢/٢٠١٧ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە تاوەکوو ئەم گرووپە بمێنن، ”مەترسی لەسەر کوردستان بەردەوام دەبێت“. گوتیشی: ”ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا“.

 

بابەتی زیاتر