جیهان هۆشداری لە بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە عێراق و سووریا دەدرێت

هۆشداری لە بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە عێراق و سووریا دەدرێت

 

بەڕێوەبەری پێشووتری ئاژانسی ئاسایشیی نەتەوەیی ئەمریکا هۆشداری دەدات سەبارەت بە دەرەنجامەکانی دەسەڵاتی گەشەسەندووی ئێران و دەست و پێوەندەکانی لە سووریا و عێراق. ژەنەراڵ مایکڵ هایدن، ئاماژەش بەوە دەدات لە درێژمەودادا عێراق لە راهێنانی سەربازیی هێزەکانی لە لایەن ئێرانەوە زەرەرمەند دەبێت.

مایکڵ هایدن، بەڕێوەبەری پێشووتری سی ئای ئەی، بە كوردستان24 گوتووه‌: "ئێرانییەکان و حزبوڵڵا و هێزەکانی عەلەوی لە سووریا کە لەلایەن هێزی ئاسمانیی رووسیاوە پشتگیرییان لێ دەکرێت وەك ئۆتۆمبێلی پێشبرکێ  بەخێرایی بەپێش سەرکەوتنەکانی ئەمریکا لە رەققە و دۆڵی فورات دەکەونەوە. ئێمە دەبینین دەسەڵاتی ئێرانییەکان فراوان بووە. من گەشبین نیم، چونکە دەبینم هیلالێکی شیعی دروست دەبێت کە لە تارانەو دەست پێدەکات و تا سووریا و بەیروتیش دەچێت".

گوتیشی: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە بە پەرش و بڵاوی و بەشێوەیەکی ناڕێکخراو چەکدار کران، ئیستا بووەتە گرێکوێرەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی.  لەلایەکەوە بە فەرمی ناویان چووەتە ریز پێکهاتەکانی تری سەر بە هێزە چەکدارەکانی عێراق کە لەژێر فەرەماندەیی سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی دان و لە لایەکی ترەوە هەم راهێنان و هەم رێنوێنی لە فەرەماندە ئێرانییەکانەوە وەردەگرن.  دەرهاوێشتەکانی ئەم دووفاقبوونەش لە درێژمەودادا رەنگە زیانێکی گەورە لە عێراق بدات. "

مایکڵ هایدن، ئەوەشی خستەڕوو: "لە کۆتاییدا ئێمە عێراقێك دەبینین کە تەواو شیعەیە، دواتر ئەم وڵاتە ناچار دەبێت لەگەڵ ئێران هاوڕێیانە رەفتار بکات. بەڵام عێراق ناچار نییە ببێتە شوێنکەوتووی ئێران چونکە هۆکاریی مێژووی هەن کە دەیسەلمێنن عێراقییەکان حەز لەمە ناکەن. بۆیە راهێنانی هێزەکانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە پێ دەچێت بە مانای فەرمان وەرگرتن بێت لە ئێران و ئەمەش حکومەتی بەغدا تووشی کێشە دەکات. هەرچەندە ئەمریکا بەفەرمی داوای لە بەغدا کرد چارەسەری کێشەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بکات بەڵام ئەم بانگەوازە دوای رەتکردنەوەی عێراق هیچ بەدواداچوونێکی جیددیی بۆ نەکرا. بێ هەڵوێستییی ئەمریکاش لەمبارەوە رەنگە دنەی زیاتری حەشدی شەعبی و ئێران بدات بۆ سەرکێشیی زیاتر".

 

بابەتی زیاتر