کوردستان "كەركووك تەعریب دەكرێتەوە"

"كەركووك تەعریب دەكرێتەوە"

 

دانیشتوانی كەركووك توڕەن لەدۆخەکە، مۆڵەتی نیشتەجێی بوون دەدرێت بە عەرەب و لەشارەکانی عێراقەوە روو لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووك دەکەن

 

 

پڕۆسەی تەعریب لە کەرکووك بەردەوامی هەیە، شەقامەکانی شارەکه، پڕبوونە له درووشمی یاحوسین و ئاڵای عێراق، هەموو ئەو ئاڵایانەی کوردستانیش پێشوتر کێشرابوون، ئێستا دەسڕێنەوە، دانیشتوانی كەركووك توڕەن لەدۆخەکە، مۆڵەتی نیشتەجێی بوون دەدرێت بە عەرەب و لەشارەکانی عێراقەوە روو لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووك دەکەن، پڕۆسەیەكی گەورەی تەعریبکردن رووی لەشارەکە کردووە.

ئەدهەم جومعە، چالاکوانی مەدەنی یەكێكە لەو كەسانەی لەناو كەركووك، لەسەر تەعریبکردنەوەی کەرکووك، لەدژی هێزەعێراقییەکان و پارێزگاری شارەکە، خۆپێشاندانی ئەنجامدا، بەڵام دەستگیرکرا. ئەو بە کەناڵی كوردستان24 گوتووە: "خەڵكێك ھەیە نایەوێت جارێكی دیكە كورد لە كەركووك بێتەوە مەیدانی سیاسەت، ئێستا لەناو شار بە بەرنامە تەعریب دەستی پێكردووەتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی شاراوە، لە زۆربەی گەڕەكە كورد نشینەكان عەرەبی لێ نیشتەجێكراوە".

ئەو کوردانەی لەشارەکە ماون، لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە وەکو بەربەستێك، لە بەردەم پڕۆسەی تەعریب، تەماشا دەکرێن. ھاووڵاتییەكی كورد بەناوی فەرمان ھیدایەت، لەناو شاری كەركووك گوتی: "لە ھەموو شوێنێكی شار درووشمی ئیمام عەلی و حەسەن و حوسێن ھەڵواسراوە، ئەمە خۆی جۆرێكە لە بە شیعە كردنی كەركووك، ئێستا خەریكن ناوە كوردییەكان دەگۆڕن بۆ عەرەبی ناوی تایبەت بە شیعەی لێدەندرێ".

زۆرێك لە هێزە سیاسیەکانی كوردستان بە گرنگی دەزانن، کەسێکی کوردە لە پۆستی پارێزگاری کەرکووك دابنرێت، چونکە پێیان وایە ئەم هەنگاوە رێگر دەبێت لەبەردەم پڕۆسەی تەعریبدا.

شێخ سدیق، بەرپرسی کۆمیتەی کەرکووکی حزبی شیوعی کوردستان رای وایە: "كەركووك لە دەستچووە، ھێزی پێشمەرگەی لێنەماوە و ھێزە كوردییەكانی وەك جاران لە كەركووك بوونیان نییە، دەسەڵات لای كورد نییە، بەڵكو لای ھێزی نەتەوەیەكی ترە، ھەموو ئەمانە گۆڕاون و دۆخی شارەكە ئاسایی نییە، زۆربەی خەڵكی شارەكە نیگەرانن لەم دۆخە".

هەرچەندە بەشێك لە هێزە سیاسییە کوردییەکان لە شارەکە ماون و مۆڵەتی کارکرنیان هەیە، بەڵام چالاکییەکانیان سنوردارە.

 

بابەتی زیاتر