کوردستان فوئاد مەعسوم قسەکانی شوان داودی رەتدەکاتەوە

فوئاد مەعسوم قسەکانی شوان داودی رەتدەکاتەوە

 

"سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆمار ھەموو ئەو قسەو بوختانانەی پەرلەمانتار شوان داودی، رەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکات جەنابی سەرۆک کۆمار، رەتی کردبێتەوە دوو فەوجی لیواکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بنێردرێن بۆ کەرکوک و خورماتوو"

 

 

ئەمڕۆ شەممە، لە روونکردنەوەیەکدا نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، وەڵامی شوان داودی، پەرلەمانتاری یەکێتی دایەوە، کە رایگەیاند بوو سەرۆک کۆماری عێراق، رێگرە لە ناردنی دوو فەوجی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کەرکووک و خورماتوو.

ئەمڕۆ شەممە 18/11/2017، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە روونکردنەوەکەدا کە وێنەیەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، تێدا ھاتووە: "سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆمار ھەموو ئەو قسەو بوختانانەی پەرلەمانتار شوان داودی، رەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکات جەنابی سەرۆک کۆمار، رەتی کردبێتەوە دوو فەوجی لیواکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بنێردرێن بۆ کەرکوک و خورماتوو".

لە روونکردەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: "رەتکردنەوەی ناردنی ئەو ھێزانە لەلایەن د. حەیدەر عەبادی، سەرۆکی حکوومەتی عیراقەوە بووە، ئەویش بەھۆی رازی نەبوونی پێکھاتەی تورکمان".

لە بەشێکی روونکردنەوەکە، ئاماژە بەوەش دراوە: "ئەو قسە بێبنەمایانە ھیچیان پەیوەندی بە جەنابی د.فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆمارەوە نییە و بەردەوام بەڕێزیان لەسەر ھێڵە لەگەڵ بەرپرسانی شاری کەرکووک بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و بۆ ئامادەکاری ناردنی ھێزەکان، تەنانەت جەنابی سەرۆک کۆمار کۆبونەوەی لەگەڵ فەرماندەی ھێزەکان کردبوو بۆ ئامۆژگاری کردنیان لەسەر ھەستیاری بارودۆخەکە، لەگەڵ ئەوەش جوڵاندنی ھەر ھێزێکیش پەیوەستە بە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراقەوە".

سەرچاوەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار، جەختیشی لەوە کردووەتەوە: " سەرۆکایەتیی کۆمار لەبەرامبەر ئەو چەواشەکارییانە داوای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکات کە بە مەرام ئەم پروپاگەندە و قسەڵۆکانە دروست دەکەن".

 

بابەتی زیاتر