وتار یان كۆبیچ درۆی كرد

یان كۆبیچ درۆی كرد

 

یان كۆبیچ، له‌ پاڵ بڕێك قسه‌ و زانیاریی ڕاستدا، درۆ و ناهه‌قی زۆری كرد، چونكه‌ یه‌كه‌م: هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌رز ده‌یانبینن، دووه‌م: ئه‌سڵه‌ن ئه‌ركی یان كۆبیچه‌ ڕاستییه‌كان بڵێت، بگره‌ غه‌یری ڕاستییه‌كان نه‌ڵێت، كه‌ به‌داخه‌وه‌ وای نه‌كرد و ناهه‌قی زۆری كرد، گه‌وره‌ترین ناهه‌قی ئه‌وه‌بوو، سابیقه‌یه‌كی ڕه‌شی هێنایه‌ نێو مێژووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌. ئاخر هه‌رگیز نه‌بووه‌، به‌رپرسێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌و زه‌قییه‌، داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕیفراندۆمێكی میللی بكات، وا ڕووقایمانه‌ دژی ئیراده‌ی گه‌لێك بوه‌ستێته‌وه‌، به‌و بێشه‌رمییه‌ حسێب بۆ ده‌نگی نێزیكه‌ی سێ ملیۆن و نیو مرۆڤ نه‌كات

 


ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی ڕه‌وشی عێراقه‌وه‌، كه‌مێك هاوسه‌نگیی بۆ پێوه‌ندیی لاسه‌نگی نێوان حكوومه‌ته‌ داگیركه‌ر و مه‌غرووره‌كه‌ی عبادی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گێڕایه‌وه‌.
ئه‌گه‌رچی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، خۆی له‌ زۆر ته‌جاوزات، بگره‌ تاوانی حكوومه‌تی عبادی و هێزه‌ سه‌ربازییه‌ عێراقییه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ و ئاشكرای ئێران له‌ ململانێی عێراق و كوردستان، بوارد، وه‌لێ لایه‌نه‌ باشه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌؛ داوای گفتوگۆی ڕاسته‌خۆ ده‌كات له‌ نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عبادی. ئه‌و گفتوگۆیه‌ی تا ئه‌م ساته‌، عبادی، به‌ ده‌ستله‌پشتدانی ئێران و پشتبه‌ستن به‌ سووربوونی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نا ئه‌خلاقییانه‌ی خۆیان، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌.
گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌مه‌ هاوسه‌نگییه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ بوو ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، قسه‌كانی یان كۆبیچی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی كه‌ ته‌ره‌فگیرییه‌كی ته‌واوی بۆ حكوومه‌تی عێراق تێدابوو، بۆچوونه‌ مه‌زه‌بییه‌كانی نوێنه‌ری عێراق له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ قسه‌كانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی غروور و سرووشتی تائیفییانه‌ی حكوومه‌تی عبادی پێوه‌ دیار بوو، وه‌ك خۆیان نه‌سه‌لماند.
له‌ قسه‌ بێسه‌روبه‌ره‌كانی نوێنه‌ری عێراق، محه‌مه‌د حسێن به‌حرلعلووم ده‌گه‌ڕێین، چونكه‌ چاوه‌ڕوانكراو بوون، به‌ڵام نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، یان كۆبیچ، بۆچی وا قسان ده‌كات؟
یان كۆبیچ، له‌ پاڵ بڕێك قسه‌ و زانیاریی ڕاستدا، درۆ و ناهه‌قی زۆری كرد. ڕاستییه‌كان لێگه‌ڕێن، چونكه‌، یه‌كه‌م؛ هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌رز ده‌یانبینن، دووه‌م؛ ئه‌سڵه‌ن ئه‌ركی یان كۆبیچه‌ ڕاستییه‌كان بڵێت، بگره‌ غه‌یری ڕاستییه‌كان نه‌ڵێت، كه‌ به‌داخه‌وه‌ وای نه‌كرد و ناهه‌قی زۆری كرد.
گه‌وره‌ترین ناهه‌قی ئه‌وه‌بوو، سابیقه‌یه‌كی ڕه‌شی هێنایه‌ نێو مێژووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌. ئاخر هه‌رگیز نه‌بووه‌، به‌رپرسێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌و زه‌قییه‌، داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕیفراندۆمێكی میللی بكات، وا ڕووقایمانه‌ دژی ئیراده‌ی گه‌لێك بوه‌ستێته‌وه‌، به‌و بێشه‌رمییه‌ حسێب بۆ ده‌نگی نێزیكه‌ی سێ ملیۆن و نیو مرۆڤ نه‌كات.
باشه‌ یان كۆبیچ خۆی بڕوای به‌ قسه‌كانی خۆی هه‌یه‌ كاتێك ده‌ڵێت: ئه‌و هێزانه‌ی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر چوونه‌ نێو كه‌ركووكه‌وه‌، ته‌نیا هێزه‌ فیدرالییه‌كانی عێراق بوون؟! باشه‌ كۆبیچ به‌ فیدیۆش دیمه‌نه‌كانی مه‌هدی موهه‌ندیس و قاسم سلێمانی و ئیقبالپووری نه‌بینیوون؟
كۆبیچ، ئاگاداری ئاواره‌بوونی نێزیكه‌ی دووسه‌د هه‌زار هاووڵاتی كورد نییه‌؟ ئاگاداری ئه‌و هه‌موو كوشتنوبڕین و سووتاندنه‌ی خورماتوو نییه‌؟ ئه‌گه‌ر ئاگادار نییه‌، چی ده‌كات لێره‌ و مووچه‌ی چی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر ئاگاداره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كێ درۆیان ده‌كات و ئه‌و زانیارییه‌ ورد و مه‌ترسیدارانه‌ له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌شارێته‌وه‌؟
یان كۆبیچ، له‌ یه‌كه‌مین ڕۆژی پاش ڕووداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ هه‌مووان زیاتر ئاگاداری هه‌ڵوێستی ڕوونی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ داوای گفتوگۆ و دانوستاندنی ڕاسته‌وخۆ و جیدییانه‌یه‌، ئه‌دی بۆچی له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشدا، زۆربه‌ی ئۆباڵه‌كه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی هه‌رێمی كوردستان و بوختانی ئه‌وه‌ ده‌كات گوایه‌ یه‌كده‌نگییه‌ك له‌ نێو هێزه‌ كوردستانییه‌كاندا له‌سه‌ر گفتوگۆ له‌ ته‌ك به‌غدادا نییه‌؟ به‌م بوختانه‌ش، نه‌ك په‌رێزی عبادی پاك ده‌كاته‌وه‌ بگره‌ هانی عینادی و غرووری حكوومه‌تی عێراق ده‌دات.
ته‌جره‌به‌كانی دوور و نێزیك پێمان ده‌ڵێن، مه‌ترسیی ڕاپۆرتی درۆینه‌ و ناهه‌قی نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، گه‌ر سنوورێكیان بۆ دانه‌نرێت، كاره‌ساتیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. قه‌سابخانه‌كانی ڕواندا و یوگسڵاڤیای پێشوو، دوو نموونه‌ی تۆقێنه‌رن.

بابەتی زیاتر