سووریا داعش جارێکی دیکە ناوچەیەکی سنووری پارێزگای ئیدلب لە سووریا داگیر دەکاتەوە

داعش جارێکی دیکە ناوچەیەکی سنووری پارێزگای ئیدلب لە سووریا داگیر دەکاتەوە

 

ماوەی چوار ساڵە لەو ناوچەیە وەدەر نراوە

 

 

چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ جارێکی دیکە دوای چوار ساڵ لە دەرکردنیان، دەستیان بەسەر ناوچەیەکی سنووری پارێزگای ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریادا گرت.

کەناڵی (سکای نیوز عەرەبی) بە پشت بەستن بە ڕاگەیاندراوێکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، ڕۆژی شەممە 9/12/2017، چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دوای پێکدادانێکی سەختیان لەگەڵ چەکدارانی ڕێکخراوی (دەستەی ئازادکردنی شام - بەرەی نووسرەی پێشوو)، گوندی (باشکون)یان لە سنووری پارێزگای ئیدلب کۆنتڕۆڵ کرد.

کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گوندە دوای پێکدادانێکی چەند ڕۆژەیان بووە لە سنووری پارێزگای ئیدلب لەلایەک و پارێزگای (حەما)ی دراوسێی لەلایەکی دیکەوە، لە ئەنجامیشدا داعش دەستی بەسەر چەندان گوندی سنووری هەردوو پارێزگادا گرتووە. لە کاتێکدا ماوەی 4 ساڵە بە تەواوی لە سنووری پارێزگای ئیدلب وەدەر نراوە.

لەم ماوەیەی دواییدا ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەشی زۆری ئەو زەوییانەی لەدەست دا کە پێشتر داگیری کردبوو، بە تایبەتیش هەردوو پارێزگای (ڕەققە) لە سووریا و (مووسڵ) لە عێراق.

لە 10ی حوزەیرانی 2014ە و پاش داگیرکردنی شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا لە عێراق، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەوڵەتێکی خەلافەتی ڕاگەیاند، بەڵام ڕێکخراوەکە لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری باشووری کوردستان (دەوڵەتی عێراق) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان (دەوڵەتی سووریا) بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەواوی لاواز کرا، دواتریش هەندێک لە هێزە نیزامییەکانی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی فەرماندە سەربازییەکانی سوپای قودسی ئێران، خۆیان کۆکردەوە و کەوتنە شەڕکردنی داعش تاوەکوو کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوەتیی مووسڵ.

بابەتی زیاتر