تورکیا "تورکیا بۆ دژایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەسەد ڕێک دەکەوێت"

"تورکیا بۆ دژایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەسەد ڕێک دەکەوێت"

 

نووسەرێکی تورک: ئەمەریكا و ڕووسیا دەزانن كێشەی عێراق و سووریا بەبێ كورد چارەسەر ناكرێت

 

 

ئۆیا بایدار، نووسەری بەناوبانگی توركیا، لە وتارێكدا تیشك دەخاتە سەر كۆبوونەوەی لوتكەی (سوچی) لە نێوان ڕووسیا و ئێران و توركیا و پێی وایە ڕووسیا نایەوێت قەدەری كورد بكەوێتە ژێر دەستی ئەمریكا، بۆیە داكۆكی دەكات لە كۆبونەوەكانی داهاتوودا لەبارەی پرسی سووریا كوردیش بەشداری بكات و ڕۆڵی سەرەكیی پێ بدرێت.

نووسەر لە وتارەكەیدا كە لە ماڵپەڕی (T24) بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە دەدات ئەمریكا و ڕووسیا پێویستیان بە كارتی كورد هەیە، چونكە دەزانن چارەسەركردنی كێشەی عێراق و سووریا بەبێ كورد ئەنجامی نابێت.

ئەو نووسەرە تورکە لە درێژەدا دەنووسێت: "ئێستا هەردوو وڵاتی ئەمریكا و ڕووسیا نایانەوێت ئەرۆدۆگان بترسێنن، بەڵام لە كۆتاییدا لە سووریا كورد دەگات بە ئامانجی خۆی و لە چوارچێوەی فیدراڵیدا دانی پێدا دەنرێت. ترەمپ و پۆتین لەو ڕووەوە هیچ پەلەیەكیان نییە و بەردەوام دەڵێن لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی سووریا داین، بەڵام لە داهاتوودا بە دامەزراندنی كیانێكی وەكوو فیدراڵی بۆ كورد لە سوریا دروست دەبێت".

نووسەر گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئاكپارتی ناتوانێت كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكات، بەتایبەت ئێستا ترسی لە كورد هەیە و یەپەگە و پەكەكەی وەكوو یەك پێ تیرۆریستە و شەڕیشی بردووەتە ناو ماڵەكان لە باكوور، بۆیە بە بۆچوونی نووسەر چارەسەركردنی كێشەی كورد لە تورکیا گەیشتووەتە بنبەست.

ئۆیا بایدار لە درێژدا دەڵێت تورکیا بۆ ئەوەی رێگە لەو فیدراڵییە بگرێت كە ڕووسیا و ئەمریكا لەسەری رێككەوتوون، نووسەر ئاشكرای دەكات ئەردۆغان هیچ چارەیەكی نییە و ڕوو لە بەشار ئەسەد دەكات و دەستی دەخاتە ناو دەست و ڕێككەوتنی لەگەڵدا دەكات.

ئۆیا پێی وایە ئەردۆگان لە هەوڵی ئەوەدایە رێككەوتنێك لەگەڵ ئەسەددا بكات، تا بە هەردووكیانەوە نەیەڵن یەپەگە لە داهاتووی سووریا پێگەی بمێنێتەوە.

بابەتی زیاتر