هەڤپەیڤین ئەبوبەكر ئەتاچ : دەبوو پەكەكە لە ریزی كوردان بوایە نەك لە ریزی حەشدی شەعبی و ئێران و رژێمی ئەسەد

ئەبوبەكر ئەتاچ : دەبوو پەكەكە لە ریزی كوردان بوایە نەك لە ریزی حەشدی شەعبی و ئێران و رژێمی ئەسەد

 

گۆڤاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەبوبەكر ئەتاچ سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجامداوە و بەمجۆرە لەبارەی چالاكی و بەرنامەی پەكەكە لە ناوچەكەدا وەڵامی داوەتەوە


* پێش گورزەكانی توركیا بۆ سەر شنگال، چەندین لایەن رووی بانگەوازیان لە پەكەكە كرد كە پێویستە دۆخی شنگال و سەقامگیری كوردستان لەبەرچاو بگرێت، بەڵام بینیمان كە پەكەكە بەدەم ئەو داخوازییانەوە نەهات و سەرەنجام توركیا هێرشی كردە سەر دەڤەرەكە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پەكەكە بۆ دەیەوێت باشووری كوردستان كاول بكات؟

- لە راستیدا دەبێت ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە توركیا لە گۆشەنیگای بوونی پەكەكەوە لە ناوچەی شنگال و قەرەچوغ دەڕوانێت، دواتر توركیا خۆی لە نێو خۆدا گرفتارە و خوازیارە كێشە دروست بكات، چونكە توركیا دەیەوێت پێگەی خۆی بەهێز بكات لەو گفتوگۆیانەدا كە بڕیارە لەگەڵ هەر یەكە لە رووسیا و ئەمەریكادا ئەنجامی بدات، لەبەر ئەوە توركیا ماوەیەكە ئامادەكارییەكی زۆری كردووە بۆ هێرشێكی لەم چەشنە، بەڵام توركیا لەم رووەوە پێویستی بە پاساوێك هەیە، كە جێی داخە بوونی پەكەكە لە شنگال ئەو بیانووەی دایە دەستی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە. لەبەر ئەوە ئەگەر پەكەكە بە تێڕوانینێكی كوردانە لە مەسەلەكان دەڕوانێت، ئەوا هیچ پێویست ناكات لە شنگالدا بمێنێتەوە، بەڵام پەكەكە دێت و ئاژاوە و كێشە دروست دەكات بۆ ئەوەی برەو بە دەسەڵاتی خۆی بدات، ئەمە بێ ئەوەی ئەو راستییە لەبەرچاو بگرێت كە هەر بەشێكی كوردستان دۆخێكی جیاواز و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، راستە بە هەموویان كوردستان پێكدەهێنن، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد، هەر بەشە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لەبەر ئەوە پێویست ناكات پەكەكە لە باشووری كوردستان شەڕی دەسەڵات بكات، چونكە ئەمە كاریگەریی سلبی دەكاتەسەر تەبایی كورد و لەبری بەرەوپێشچوونی یەكڕیزی كورد ئەوا دەرئەنجامێكی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە. ئەگەر پەكەكە پەرۆشی كوردایەتییە، ئەوا دەبێت دەستبداتە گفتوگۆیەكی هێمن لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی دیكەدا، بەڵام لەبری ئەوە دێت و تۆمەت دەبەخشێتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی لێكترازاندن و لێكدوورخستنەوەی كورد لە یەكتری.

* لەكاتێكدا باشووری كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرێت؛ كەچی پەكەكە بەهەموو شێوەیەك ئاستەنگی بۆ دروست دەكات، پێتوایە پەكەكە چی لە باشووری كوردستان دەوێت؟
- پەكەكە لە سەرەتای دروستبوونیدا بانگەشەی بۆ ئەوە دەكرد كە ئامانجی ئەوان دروستكردنی كوردستانێكی سەربەخۆ و دیموكراسی و سۆشیالیستی و هاوبەشە و رزگاركردنی هەر چوار بەشەكەی كوردستان لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش 30 ساڵ كار و كۆشش و خەباتی كرد و قوربانی دا، بەڵام دوای دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، هەڵوێستی خۆی گۆڕی و رایگەیاند كە خوازیاری دروستكردنی دەوڵەت نییە، واتە پەكەكە كەوتە نێو بۆشاییەكەوە، لەبەرچی، لەبەر ئەوەی چیتر ئەو ئامانجە لە ئارادا نەما كە لە پێناویدا دروست بوو و درێژەی بە خەبات دا، لەوەش خراپتر ئێستا پەكەكە دێت و دژایەتی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەكات، ئەمە لە كاتێكدا هەموو نەتەوەیەك – گەورە بێت یان بچووك- هەوڵی بەدەستهێنانی دەوڵەتی خۆی دەدات و مافی خۆشیەتی، كوردیش لە سەرجەم بەشەكانی كوردستان بۆ ئەم ئامانجە خەبات و راپەڕینی كردووە. كەچی پەكەكە دەڵێت دروستبوونی دەوڵەت لەم رۆژگارەدا مومكین نییە و بانگەشە بۆ كۆنفیدراڵیزمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، باشە خۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشێوی باڵی بەسەردا كێشاوە و دەوڵەتەكان، یان شكستیان هێناوە، یان بە راددەیەكی زۆر لاواز بوون، ئەی لەسەر چ بنەمایەك كۆنفیدراڵیزمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیاد دەنێیت؟ من پێموایە پەكەكە كاتێك خۆی نەتوانێت ئامانجێكی بەدی بێنێت، دێت و دژایەتی دەكات، ئەمەش هەڵەیە. چونكە لەم ساتەوەختەدا كوردستان بە هەل و مەرجێكی مێژووییدا تێدەپەڕێت، لە ماوەی 100 ساڵدا ئەوا هەلێك رەخساوە كە پێویستە هەر كوردێك لە هەر بەشێكی كوردستاندا خەمی ئەوەی بێت دەوڵەتێكی كوردی دروست بێت، واتە ئەركی هەموو كوردێك ئەوەیە كە هەر كاتێك هەلی دروستبوونی دەوڵەت –ئیدی لە هەر بەشێكی كوردستان بێت- هاتەئاراوە، ئەوا هاوكاری بكات، نەك دژایەتی. بەڵام پەكەكە دێت و تەواو بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوت دەكات. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پەكەكە شەڕ لە پێناوی چیدا دەكات؟ ئەگەر پەكەكە لە پێناوی دیموكراسیەتی كۆماری توركیادا دروست بووە و دژی سەربەخۆیی كوردستانە، ئەوا پێویست بە شەڕ ناكات، بەڵام لە پشت ئەم پرسەوە ئێران هەیە، كە ئاشكراشە ئێستا ئەمەریكا ئێران بە سەرچاوەی كێشە و ئاژاوەكانی ناوچەكە دەزانێت، كەچی پەكەكە چۆتە نێو ئەم بەرەیەوە، ئەگەرنا پەكەكە خانەسۆر بگرێت، یان نا، چی بە پەكەكە دەبڕێ، ئایا پەكەكە دەوڵەتی لێ دروست دەكات، یان تەنیا بۆ دروستكردنی ئاژاوەیە؟
* پێتانوایە لە ئێستادا پێویستە پەكەكە چی بكات؟

- لە راستیدا پێویستە پەكەكە پێش هەموو شت بزانێت گۆڕەپانی خەباتی ئەو باكووری كوردستانەو دەبێت سیاسەتێك بگرێتەبەر كە رەنگدانەوەی واقیعی ئەو ناوچەیە بێت، هەروەها دەبێت هەلو مەرجی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش لەبەرچاوبگرێت، چونكە ئاشكرایە لە ئێستادا رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی نوێ هاتۆتەئاراوەو دەبێت كوردیش لەسەر بنەمای ئەو رەوشە نوێیە سیاسەتەكانی خۆی دابڕێژێتەوە.

* ئێستا پێشمەرگە بووەتە سیمبولی بەرخودانی كورد لە جیهاندا، لەبەرامبەردا هەموو هەوڵی پەكەكە بۆ ئەوەیە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بێ بایەخ بكات، ئایا پەكەكە بۆ بەرژەوەندی كام وڵات ئەم كارە دەكات؟
- ئێمە با لە روانگەیەكی كوردانەوە پرسیاری ئەوە بكەین ئایا بەرژەوەندی پەكەكە لە دژایەتیكردنی پێشمەرگە لەچیدایە؟ ئایا لاوازبوونی پێشمەرگە هیچ خزمەتێك بە پەكەكە دەگەیەنێت؟ بێگومان بەهێزبوونی باشووری كوردستان و قارەمانێتی پێشمەرگە لە بەرژەوەندیی هەموو بەشەكانی كوردستانە بە شێوەیەكی گشتی، هەروەها بەرەپێشچوونی رەوشی باشووری كوردستان رەنگدانەوەی ئیجابی دەبێت لەسەر هەموو بەشەكانی دیكەی كوردستان، بەتایبەتی كە ئێستا جیهان شایەتی ئازایەتی و فیداكاری پێشمەرگەن. دواتر با ئێمە باسی ئەوە بكەین كە كۆبانێ لە سەروەختی كەوتندا بوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانی هێز رەوانەی كۆبانێ بكات و بەشدار بێت لە رزگاركردنی ئەو شارە و دواتر كشایەوە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم لە سەروەختی هێرشی داعشدا بۆ شنگال ئەگەر پەكەكە هاوكاری كردووە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانەدا، ئەوا كارێكی باشی كردووە، بەڵام نابێت لە ئێستادا پاساو و دەرفەت بۆ توركیا دروست بكات بۆ ئەوەی بێت و شنگال بۆردومان بكات و بەهۆیەوە پێشمەرگەی كوردستان شەهید بێت، ئەمە كارێكی دروست نییە.

* كوردانی ئێزیدی گەورەترین كارەساتیان بەسەر هات بۆ رزگاركردنەوەی شنگال و چیای شنگال زیاتر لە 700 پێشمەرگە شەهید بوون، پەكەكە هاتە سەر حازری، بەڵام ئێستا دەیەوێت كارەساتێكی دیكە بەسەر ئێزیدییەكان بێنێت، ئایا شەڕی بەوەكالەت بۆ عێراق و ئێران گەیشتۆتە ئەو ئاستەی پەكەكە چاوی كورد نەبینێ؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە میللەتی كوردی ئێزیدی كارەساتی زۆریان بەسەردا هاتووە لە مێژووی خۆیاندا و دوایینیشیان ئەو كارەساتە بوو كە لەسەر دەستی داعش بەسەریاندا هات. دواتر ئەوەی پەیوەندی بە پرسیارەكەتانەوە هەیە، ئەوا من دەڵێم پێویست نەبوو پەكەكە بچێتە بەرەی ئێران و سووریا و حەشدی شەعبییەوە، بەڵكو دەبوو لە ریزی كوردایەتیدا بێت، چونكە هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئێستا بە هەوڵ و خەباتی دوور و درێژی كورد و بە گیانفیدایی و قارەمانێتی پێشمەرگە دەرفەتێكی باش هاتۆتەپێش، كە دەبێت هاوكاربین لە سەرخستنیدا، نەك دڵی دژومنان بە خۆمان خۆش بكەین.

* ئایا دژایەتیكردنی سەربەخۆیی كوردستان زیان بە پەكەكەش ناگەیەنێت؟ بۆچی پەكەكە روو لەباكووری كوردستان ناكاتەوە كە ئەوێ شوێنی راستەقینەی خۆیانە؟ بۆچی چاوی بڕیوەتە ئەم بەشەی كوردستان؟
- لە راستیدا نەك هەر دژایەتیكردنی سەربەخۆیی كوردستان زیان بە كورد دەگەیەنێت، بەڵكو هەر بوونی دژایەتی لە نێو كورددا كارێكی زیانبەخشە و پێویستە كار بۆ نەهێشتنی بكرێت. دواتر مەلا مستەفا لە هەل و مەرجێكی زۆر سەختتدا خەباتی كردو هیوایەكی لای میللەتی كورد دروست كرد، ئەمە كارێكی زۆر گرنگ بوو. ئێمە دەبێت هاوكاری یەكتر بكەین لە دژی ئەو كەسانەی كە دوژمنایەتی كورد دەكەن، نەك بێین و یەكتری لاواز بكەین و ماڵی خۆمان وێران بكەین، خۆ ئەگەر پێشمەگەر قارەمانێتییەكی تۆماركردووە، ئەوا دەبێت ستایش بكرێت، نەك لە بەهای كەم بكەیتەوە، چونكە هەر كەسێك ئەم كارە بكات، ئەوا دوژمنایەتی كورد دەكات. لە ئێستادا ئەركی هەمووان ئەوەیە كە هاوكاربین بۆ ئەوەی سوود لەو هەل و مەرجە مێژووییە وەربگرین كە دروست بووە.

* پارتێكی سیاسی ئەمە زهنییەت و بەرنامەو رەفتاری بێت، ئایا بە ئاشتی و دانوستاندن دەتوانرێت لە شنگال و مەخموور دووریان بخەینەوە؟
- من دەڵێم ئەگەر پەكەكە پارتێكی كوردی و كوردستانییە، ئەوا دەبێت ئامادە بێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە و بە رێگاچارەی سیاسی ئەم كێشەیە یەكلابكرێتەوە، بە پێچەوانە ئەوا دەبێت پرسیار بكەین پەكەكە بۆ بەرژەوەندی چ لایەنێك ئامادەی چارەسەری ئاشتییانە نابێت بۆ بوونی ئەندام و چەكدارانیان لە شنگال و مەخموور، ئایا بۆ بەرژەوەندی ئێران، عێراق و حەشدی شەعبییە؟
* ئایا پەكەكە ئیستیغلالی ئەو لێدوانەی سەرۆك مسعود بارزانی ناكات، كە رایگەیاند رێگەنادەین خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت؟
- لە راستیدا ئەو لێدوانەی سەرۆك مسعود بارزانی كە رایگەیاند رێگەنادەین خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، لێدوانێكی پڕ لە قەدر و قیمەتە، ئەم تێڕوانینە مایەی پێشخستن و رزگاركردن و سەربەخۆیی كوردە، بەڵام ئەگەر پەكەكە بە پێچەوانەوە رەفتار بكات، ئەوا باجەكەی دەدات، ئەمڕۆش نەبێت لە ئایندەدا بە زیان بۆ خۆی دەشكێتەوە. چونكە ناكرێت لەمڕۆدا بێیت و تۆوی دوژمنایەتی لە نێو كورددا بچێنیت.

 

بابەتی زیاتر