وتار کابینەیەکی بچووک و حکومەتێکی گەورە!

کابینەیەکی بچووک و حکومەتێکی گەورە!


ئێستا قۆناغ قۆناغێکی جیاوازە، جیاوازە بەو تێگەیشتنەی کە قۆناغێکی گرفتدارە، بۆیە دەبێ بیرکردنەوەکان، لێکگرێدان و میکانیزمەکان بە نیاز و ئاراستەی چارەسەر بن، بە واتایەکی ڕوونتر، تەنیا بیرکردنەوە و میکانیزمی چارەسەرئامێز دەتوانێت قۆناغی گرفتدار تێپەڕێنێت، ھەر ئەمەیش لە سیاسییە بیرکەرەوەکانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت، مەبەستمان لە سیاسیی بیرکەرەوەیش ئەو سیاسییانەن کە لە نێو حزبەکاندا وڵاتبینانە بڕیار دروست دەکەن و ناکەونە دوای تەپوتۆزی میدیاوە !

 


بەر لە ئێستایش، واتە بەر لەو دیدار و کۆبوونەوانەی، کە چەند ڕۆژێکە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکان بەڕئوەدەچێت، قسە و باسی زۆر لەبارەی قەبارەی حکومەتی ھەریمی کوردستان ھەبووە، تایبەت لە ئاستی حکومەت و ڕۆژنامەنووسان، لێ بە تێگەیشتن و نیازمەندیی و چارەسەری جیاواز..
حکومەت لە ھەر قۆناغێکدا، بە پێی تێگەیشتن لە گرفت و ئەرکەکانی قۆناغەکە قەبارەی حکومەتی دەستنیشان کردووە، بەڵام ڕۆژنامەنووسان بە نیازمەندییەوە، جا نیازمەندییەکە ئەرێنی بووبێت یان نەرێنی ئەم مژارەیان خستۆتە نێو گفتوگۆوە، دیارە لەگەڵ ھەبوونی جیاوازی لە تێگەیشتن و نیازمەندیی ھەردوو ئاست، ئەم مژارە مژارێکی گرنگی قسەھەڵگرە و پێویستە ھەموو لایەک واقیعبینیانە و بە ئاراستەی چارەسەر بەرخوردی دەگەڵدا بکەن.
ئێستا قۆناغ قۆناغێکی جیاوازە، جیاوازە بەو تێگەیشتنەی کە قۆناغێکی گرفتدارە، بۆیە دەبێ بیرکردنەوەکان، لێکگرێدان و میکانیزمەکان بە نیاز و ئاراستەی چارەسەر بن، بە واتایەکی ڕوونتر، تەنیا بیرکردنەوە و میکانیزمی چارەسەرئامێز دەتوانێت قۆناغی گرفتدار تێپەڕێنێت، ھەر ئەمەیش لە سیاسییە بیرکەرەوەکانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت، مەبەستمان لە سیاسیی بیرکەرەوەیش ئەو سیاسییانەن کە لە نێو حزبەکاندا وڵاتبینانە بڕیار دروست دەکەن و ناکەونە دوای تەپوتۆزی میدیاوە !..
یەکێ لە چارەسەرەکانی ئەم قۆناغە گرفتدارەی ھەرێمی کوردستان ( کابینەی بچووک )ە، بەو مەرجەی ئامانج و تێگەیشتنەکانی لەسەر ئەم بنەمایانە وەستا بێت :-

١- کابینەی بچووک، کابینەیەک کە پڕ بە پیستی ھەرێمی کوردستان بێت، چونکە ھەرێم و دانیشتووانەکەی ھێندە گەورە نین.
٢- کابینەی بچووک، کە بتوانێت قەیران چارەسەر بکات و تێیپەڕێنێت.
٣- کابینەی بچووک، کە دەرەقەتی کاری گەورە بێت، چونکە مەرج نییە ھەموو فراوانییەک کاری قورس و گەورەی پێ بکرێت، نەخاسمە ئەگەر فراوانییەکە ڕووکەش بێت و تەنیا بۆ ڕازییکردنی لایەنە سیاسییەکان بێت !..

ئێستا یان کابینەی داھاتوو ؟!..

مەنتیق پێمان دەڵێت: ئەگەر ھەڵبژارن لە وادەی دیارکراوی خۆیدا بکرێت، - کە وێدەچێت لە وادەی دیاریکراودا بکرێت -، ئەوا پێویست ناکات و، کات و مەزاجی سیاسی لەبار نییە لەم ماوە کورتەدا تەعدیلی کابینەی ئێستا بکرێت، لێ ئەگەر ھەڵبژارن دوا بخرێت، ئەوا ئاساییە کابینەی ئێستا بچووک بکرێتەوە، دیارە لە ھەردوو حاڵەتەکەدا، ھیچ لەو پرەنسیبە ناگۆڕێت، کە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە کابینەیەکی بچووک ھەیە و دەکرێ لە ئێستاوە کاری ڕشت و بنەڕەتی بۆ بکرێت.

کابینەیەکی بچووک، بەڵام چۆن ؟..

کاتی ئەوە ھاتووە ھەندێ لە پێوەرەکان بگۆڕین، بە نموونە :
١- توانا: مەرج نییە ئەوەی بڕوانامەی بەرزی ھەبێت خاوەن توانای بەرز بێت.
٢- دڵسۆزی: مەرج نییە ئەوەی کادیری حزبێکی سیاسی بێت دڵسۆز بێت.
٣- تەمەن: مەرج نییە ئەوەی گەنج بێت کارا و نوێ بێت.
٤- ڕووخساری نوێ: مەرج نییە ڕووخساری نوێ قودرەتی کار و داھێنانی ھەبێت.
٥- تێگەیشتن: مەرجە ئەوەی لەم قۆناغەدا لە حکومەت کار دەکات، خاوەن ئەو تێگەیشتنە بێت، کە قۆناغی گرفتدار کوشتنی زات و ئەقڵیەتی چارەسەرئامێزی دەوێت.

لە دوماھیدا دەمەوێت بڵێم: پێویستە ھەموومان، حزبەکان و حکومەت، ھاوڵاتی و ڕۆژنامەنووس ئەوە بسەلمێنین، کە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە کابینەیەکی بچووک و حکومەتێکی گەورە ھەیە، بچووک لە ژمارە و گەورە لە تێگەیشتن و چارەسەر و تێپەڕاندنی قۆناغەکە بە قازانجی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان.

بابەتی زیاتر