کوردستان مەسروور بارزانی: خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە بەغدا جورئەتی هێرشی نەبوو

مەسروور بارزانی: خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە بەغدا جورئەتی هێرشی نەبوو

 

پاڤڵ تاڵەبانی بێ ئەوەی سیفەتی قیادی هەبێ لەگەڵ چەند خزمێكی ڕێكەوتنیان كردبوو

 


مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە دیمانەیەكدا، لایەنی خیانەتكاری ١٦ی ئۆكتۆبەری ئاشكرا كرد، راشیگەیاند ئێستە و ئەو کاتیش باوەڕی نەدەکرد لەناو کورد کەسانێکی وا ئاست نزم هەبن بتوانن خیانەتێکی لەم چەشنە بکەن.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی "رووداو"، كە ئەمشەوی چوارشەممە پەخش كرا، لە وەڵامی بارودۆخی كۆبوونەوەكەی دوكان لە ١٥ی ئۆكتۆبەر و خیانەتە گەورەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە وەڵامی پرسیارێكی دایەوە و گوتی "ئێمە هەموو هەوڵێکمان دا تا تووشی شەڕ نەبین لەگەڵ لایەنی عێراقی، ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەر لە دووکان لە نێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەک کرا، لەوێ ڕێكەوتنێكی پێنج خاڵی کرا و بڵاویش كرایەوە، دواتر هەندێک لەو برادەرانە (ناو ناهێنم) گوتیان قسەیان کردووە لەگەڵ عێراق و بەریتانیا و لایەنی تر تا لێژنەیەکی هەماهەنگی لە سەربازگەی کەیوان دروست بکرێ، ئینجا لیواکانی حەرەس جمهوری بهێندرێن، بەڵام باسی ڕادەستکردنی کەرکووک نەکرا، ئێمەش گوتمان ئێوە ڕێککەوتنتان کردووە یان پێشنیاز؟ گوتیان پێشنیازمان کردووە".
مەسروور بارزانی دێتە سەر باسی شەوی دوای كۆبوونەوەكەی دوكان و خیانەتە گەورەكە و دەڵێ "پاڤڵ تاڵەبانی هەرچەندە سیفەتی قیادی نەبووە، بەڵام لەگەڵ هەندێک خزموکەسی خۆی چووە لەگەڵ بەغدا ڕێک کەوتووە.. هەمان شەوی كۆبوونەوەكەی دوكان، ئەو برادەرانە چوونەوە لە ڕەشاد و خورماتوو لەگەڵ هەندێک سەرکردەی عێراقی و حەشدی شەعبی کۆبوونەتەوە، بەرنامەی پێشتریشیان هەبوو چۆن کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ڕادەستی هێزەکانی عێراق بکەن. بەداخەوە بەرنامەیەکی وایان دانابوو، پشت لەو پێشمەرگانەی خۆیشیان بگرنەوە كە لەگەڵ هێزەكانی تری پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەری بەرگریدا بوون، ئەوە بوو حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکانیان داخیلی کەرکووک کرد. گەورەترین خیانەتی سەردەم کە لە مێژووی کوردایەتیدا کرابێ، ئەم خیانەتە بوو کە بەم شێوەیە خاکی کوردستانیان فرۆشت و کەرکووکیان ڕادەست کرد و پێش هەموو شتێک ئەو پێشمەرگانەیان کردە قوربانی کە یەکێتییش بوون".
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بە كاریگەری خیانەتە گەورەكە دەكات و دەڵێ كە حەشدی شەعبی لە پشتەوە داخیلی كەركووك كران، کاریگەری لە هەموو جەبهەکە كرد، وردە وردە ئەو پێشمەرگانەی کە بە ئەمر پاشەکشە کرابوون، وایانکرد هێڵی جەبهە نەمێنێ، پێشمەرگە کەوتە دۆخێکی وا نالەبار کە نەیتوانی بەرگری لە هێرشی حکوومەتی عێراق بکات.
لەبارەی ئەوەی داخۆ زانیارییان نەبووە لەبارەی ئەگەری روودانی خیانەتێكی هاوشێوە، مەسروور بارزانی دەڵێ "دەمانزانی گفتوگۆ هەیە، بەڵام بڕوامان نەدەکرد هێزەکانی پێشمەرگە بە تایبەتی ئەوانەی سەر بە هێزی پێشمەرگەن، بە قسەی ئەوانە بكەن، پێمانوابوو بەرگری دەکەن، چەندین سەرکردەی قارەمانی یەکێتی لە سەنگەری بەرگری مانەوە و شەهیدیشیان دا، ئێمە باسی یەکێتی و ئەو شۆڕشگێڕە یەکێتییانە ناکەین کە نەچوونە پەنای ئەم خیانەتە گەورەیەی کە چەند کەسێک لە بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان کردیان، بۆ خودی خۆیان کردیان بۆ حزبەکەشیان نەکرد، بۆ فرۆشتن و دزینی نەوتی کەرکووک کردییان، هەر ئەمان وایانکرد ئەم دۆخە بە گشتی کاریگەری لەسەر هەموو دۆخەکە بکات".
هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە ئەگەر عێراق ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ خیانەتكاراندا نەکردبایە، جورئەتی پەلاماردانی پێشمەرگەی نەبوو، پێشمەرگە ئەوەندە ناوێکی بەرزی هەیە کە حکوومەتی عێراق بوێریی پەلاماردانی نەدەکرد، بەڵام کە زانی کەسانێکی هێندە ئاست نزم لە کوردستان هەن کە بتوانن خیانەت لە هاوڕێ و خاکی خۆیان بکەن، وایکرد حکوومەتی عێراق هێز بجووڵێنێ و جورئەت بکات بێتە پێشەوە.
مەسروور بارزانی لەبارەی لەشكركێشی حەشد و هێزەكانی عێراقەوە ئەوەشی گوت كە لە جەبهە کاتێک پلان دادەنرێ، هەر یەکێک پشت بەوەی دیکە دەبەستێ، کە لە لایەک شکست ڕووی دا، بەتایبەت کە خیانەت ڕووی دا، ئیتر پێشمەرگە ناچار بوو خۆی کۆبکاتەوە و بەرگری لەو بەشە بکات کە دەتوانێ بەرگری لێ بکات، من ئێستەش باوەڕ ناکەم و لەو کاتەش باوەڕم نەدەکرد لەناو کورد کەسانێکی وا ئاست نزم هەبن کە بتوانن خیانەتێکی لەم چەشنە بکەن. جگە لەوەش باوەڕ نەدەکرا ئەو چەکانەی ئەمریکا دابووی بە عێراق، بدرێ بە حەشدی شەعبی و پەلاماری ئەو پێشمەرگەیە بدرێ کە چەند ڕۆژێک پێشتر بە قارەمان ناوی دەهێندرا.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان هەروەها گوتی "ئەوەی چاوەڕوانیش نەدەکرا، خەڵکی کوردستان بێدەنگ بێت بەرامبەر ئەم خیانەتە گەورەیە. دەبێ خەڵک وەک دادگای نیشتمانی بڕیار لەسەر ئەو کەسانە بدات کە خیانەت لە خاک و نیشتمانی خۆیان دەکەن".

بابەتی زیاتر