سووریا پلانی كوردانی سووریا بۆ گەیشتن بە زەریای سپی و داگیركردنی ئەدلب

پلانی كوردانی سووریا بۆ گەیشتن بە زەریای سپی و داگیركردنی ئەدلب

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا: "بە بڕوای واشینگتۆن، داهاتووی خەڵكی سووریا دەبێت خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن، ئەمەریكا هیچ حكومەتێک بە فەرمی ناناسێت كە تاكلایەنە بڕیاری ریفراندۆم بدات"
خۆر
کوردانی سووریا پلانی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی باكووری سووریا و ناوچە كوردنشینەكانی رۆژئاوا بە زەریای سپی ئاشكرا دەكەن. ئەم پلانە رەنگە كاردانەوەی توندی دەوڵەتی توركیای لێبكەوێتەوە.
بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی بەریتانی "گاردیەن"، بەرپرسان و فەرماندەكانی كورد لە باكووری سووریا 6ی ئایار رایانگەیاندووە خوازیاری پشتیوانی ئەمەریكان بۆ كردنەوەی رێگەیەكی بازرگانى بۆ زەریای سپی وەكوو بەشێك لە رێكەوتنی شەڕی رزگاركردنی رەققەی پایتەختی خەلافەتی گروپی داعش.
هدیە یوسف، یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی كورد دەڵێت كە هێزەكانی دیموكراتیكی سووریا بە 50 هەزار چەكدارەوە خەریكی خۆ ئامادەكردنن بەم نزیكانە بۆ سەر شاری رەققە هێرش بكەن. بە پێی وتەی كوردەكان، ئەوان دوای شكستی داعش، لە تەنیشت فوڕات، كۆنتڕڵی شاری دیرئەلزۆر دەگرنە دەست.
هێزەكانی دیموكراتیكی سووریا (ق.س.د) كە گرینگترین گروپی ملیشیای ئێستا یەپەگەن، سەر بە هێزەكانی كوردی باكووری سوریان، لە ساڵی رابردووەوە شەڕی خۆیان بۆ وەرگرتنەوەى رەققە بە پشتیوانی ئەمەریكا دەستپێكردووە. ئۆپەراسیۆنەكەی ئەوان "توڕەیی فوڕات"ی ناو لێنراوە.
هێزە كوردییەكان بە توندی دژی بەشداری توركیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا
لەلایەكی دیكەوە، توركیا دژی بەشداری كوردەكانە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی رەققەدا و بە پێی راپۆرتی رۆیتەرز، لە مانگەكانی رابردوودا گوشاری بۆ واشینگتۆن هێناوە تا ئەمەریكا واز لە پشیتوانی لە یەپەگە بهێنێت.
هدیە یوسف، دوای ئاماژەدان بە پرۆژەی فیدڕاڵیزم بە گۆڤاری ئابزروەر دەڵێت كە "پرۆژەكەی ئێمە و مافی ئێمەیە لە باكووری سووریا بگەین بە ئاوەكانی زەریای سپی".
ئەو جەختی كردەوە كاكڵی ئەم پرۆژە واتە داوا لە ئەمەریكا دەكەین پشتیوانی سیاسیمان لێبكات دوای دەركردنی داعش كریدۆرێكی بازرگانی و تیجاریمان بە سەر زەریا بێت. ئەو دەڵێت: ئەگەر بە زەریای سپی بگەین، كێشەی بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی باكووری سووریا چارەسەر دەبێت و هەموان قازانجی لێدەكەن.
ئەمەریكا بە پێچەوانی پێداگری توركیا هێشتا پشتیوانی لە كوردەكان دەكات. دوای ئەوەی ئەنكەرە بۆ سەر یەپەگە لە باكووری سوریا هێرشی كرد، سوپای ئەمەریكا بۆ تەشەنە نەسەندنی شەڕەكە، هێزی لە سەر سنوورەكان جێگیر كرد.
ئەم هەواڵە ئەردۆگان، سەرۆككۆماری توركیای زۆر توڕە كرد و گوتی: ئێمە هەركات بمانەوێت، تەنانەت لە شەودا دەتوانین هێرش بۆ سەر كوردەكان بكەین.

رەنگە رێكەوتنێك لەگەڵ ئەسەد و رووسیا بۆ گەیشتن بە زەریای سپی بكرێت
زەریایی سپی لە رۆژئاواترین شوێنی كوردەكانەوە لە باكوور 100 كیلۆمەتر مەودای هەیە و رێگەی گەیشتن بە زەریایی سپی، پێویستی بەوەیە لەگەڵ بەشارئەسەد، سەرۆككۆماری سووریا رێكەوتنێك بكرێت. ئەوان پێشتر لەسەر چەندین خاڵ و چەندین شوێن وەكوو فڕۆكەخانەی قامشلۆ رێكەوتنیان كردووە.
هدیە یوسف گووتوویەتی كە خەڵكی رەققە دوای ئازادكردنی ئەو شارە لە دەستی داعش لە ریفراندۆمێكدا بەشداری دەكەن تا بڕیار بدەن یا كۆنتڕۆڵی شارەكەیان لەلایەن هێزەكانی دیموكراتیكی سووریا قبوڵ دەكەن یان نا. ئەو شتە لە دیرەزوریش روودەدات.
وتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە گاردیەنی گوتووە "بە بڕوای واشینگتۆن، داهاتووی خەڵكی سووریا دەبێت خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن". ئەو جەختی كردەوە كە ئەمەریكا هیچ حكومەتێک بە فەرمی ناناسێت كە تاكلایەنە بڕیاری ریفراندۆم بدات.

 

بابەتی زیاتر