دنیای مۆدێرن ، دنیای سەرکەوتن و دنیای ژێر دەستییە

دنیای مۆدێرن ، دنیای سەرکەوتن و دنیای ژێر دەستییە

 

یان مۆدێرنیتە و گەشەی سەرمایەی مرۆڤی و دامەزراندنی سیستمی بە هێز بۆ بەرگری لە خۆمان لە مەیدانی ئابووریی و سیاسی و ئیدارییدا قەبوول دەکەین و بە هەموو لایەکمانەوە هەولی بۆ دەدەین یان  هەر چەند سالە جارێک دەکەوینە بەر پۆستالی داگیرکەران و لە سیستمی بێ روحمی سیاسی و ژیئۆپۆلیتیکی دنیای مۆدێرندا سەرکووت دەکرێین

 

 

 

 

سەرچاوەی هێزی ئەوەی بەرانبەر و کارتەکانی بەردەستی لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا هەرجۆرەێک بیریی لێ بکەینەوە بریتییە  لە تایبەتمەندییەکان و لایەنی جیاوازی مۆدێرنیتە ، هێزی بەرانبەر، لە دەورانی کۆلۆنیالیشدا هەر دیسان بریتی بووە لە تایبەتمەندییەکان و لایەنی جیاوازی مۆدێرنیتەوە، هەر بۆیە کۆلۆنیالیزمی مومکین دەکرد.

مۆدێرنیتە زیاتر لەوە کە پرۆسەیەکی سوسیۆلۆژیکی بێ،  گرێدراوە بە ژیئۆپۆلیتیک ستراکچری پێویست بۆ بەهێز بوون، دوژمن تانکی هەیە موهەندیسی هەیە کارمەندی پسپۆری هەیە و بروکراسی هەیە زانکۆی هەیە سیستمی مالیاتی هەیە و سیستمی حیزبی و پارلمانی هەیە ئابووریی جێگیر و سیستمی فاینانسی هەیە .بەو تایبەتمەندییانەوە ولاتێک دەتوانێ هەم هاوپەیمان بۆ خۆی پەیدا بکات و هەمیش دەتوانێ لە بەرانبەر ناحەزانیدا بەرگری لە خۆی بکات.

بۆیە چەسپاندن و پیادەکردنی مۆدێرنییتە ئەو فاکتۆرەیە کە دەتوانێ رێگا چارە بێ. بۆیە لە بەرانبەر دوژمندا دوو رێگامان هەیە، یان گەشەپێدانی تایبەتمەندییەکانی مۆدێرنیتە . یان لایەنە جیاوازەکانی مۆدێرنیتە دەچەسپێنی و دەتوانی بەرگری لە خۆت بکەی یان دەبییە قوربانی سیستمی سیاسی بێ ئێحساسی جیهانی و دەکەوییە ژێر پۆستالی لایەنی دژبەر.

 وەک پرۆفێسور ستیوین تۆپکین لە کتێبی ژیاننامەی ستالیندا باسێ لێوە دەکات ، کە بەرئاوردی ژاپۆن و روسیا دەکەی لە دەورانی بەر شەریەکانی جیهانیدا  بە ئاشکرایی ئەوە دەردەکەوێ کە ژاپۆن توانی تایبەمەندییەکانی مۆدێرنیەتی لە ناو خۆی دا بچەسپێنێت وبەم جۆرە توانی  لە دنیا دا رەکەبەرایەتی بکات. ئەم نموونە مێژووییانە بۆ ئێمەی کورد زۆر گرینگن، تاکوو لە چارەنووس ساز بوونی ئەم دیاردەیە تێبگەین.

چەسپاندنی مۆدێرنیتە  ئەو خالەیە کە پیادەکردنی نییەت و ئاوات مومکین دەکات . بە چەسپاندنی مۆدێرنیتەوە دەتوانی خواست پیادە بکەی، بە تایبەت ئەگەر بە پێچەوانەی باو لە کوردستاندا مۆدێرنیتەی نەک وەک پرۆسەیەکی سوسیۆلۆژیک و فەرهەنگی بەلکوو زیاتر وەک پرۆسەیەکی ژیئۆپۆلیتیک چآوی لێ بکەین. هەر بۆیەشە کە ئەوەی بریاردەرە لە ئاکام و نەتیجەی کار وکردەوەکانی کەسایەتییەکاندا چوار چێوە و بەستێنی سیاسەتە و ئال وگۆرەکانی ستراکچرالە. لاوازی کورد لەم مەیدانەدایە.

بۆ تێگەیشتن لە ئێستای بار و دۆخی کورد دەبێ بەستێنی سیاسەت، ستراکچرەکان و لە سەر بنەمای ئەوەش هەلس و کەوتی کەسایەتییەکان هەڵبسەنگێنین.

یەک لەو مەیدانە گرینگانە لە ژیانی مۆدێرندا هەبوونی ئابوورییەکی رێکخراو و بەهێزە ، ئەوانەی لەم مەیدانەدا سەردەکەون ئەو ولات و میللەتانەن کە رووی سیستمی ئابوورییان بۆ بەشداری زۆرترین کەس کراوەیە و ئەوانەی کە سەر ناکەوێن ئەو میللەتانەن کە ئابووریی داخراو و مۆنۆپل کراوییان هەیە ، ئەم خالە لە سەر سیستمی ئیدارەی سیاسی ولاتیشدا هەر وایە .

 لە ئابووریی داخراو دا خالی تەرکیز دەبێتە وەدەستخستنی سەرچاوەی دارایی ومالی و ئیدارەدانی ئەو پرۆسەیە ، بە کورتی ئەوەی پێدەگۆترێ- کەش فلۆو-  لەم مۆدێلی کارەدا گرنگ وەدەستکەوتنی پارەیە.

لە ئابووریی کراوەدا رێکخستنەوەی جۆرها چالاکی ئابووریی، رێکخستنەوەی یاسایی پێوەندیدار و هەبوونی پلانی گەشە و بە هێز کردنی جۆرەها ستراکچری جێگیرە و هتد.

لێرەدا گرینگە کە لە نێوان هەموو لایەنی جیاوازی گەشە پێدان، کە مرۆڤ بۆ کۆمەلگای خۆی ئارزو دەکات  جیاوازییەکی روون دیاریی بکەین لە نێوان ئەو خالانە کە گرینگن وەک ئامرازی گەشەپێدان (گەشەی ئابووریی ، حکمرانی، پەروەردە)و ئەو خالانە کە گرینگن وەک ئامانج(ژینگە، فەرهەنگ ) .

سیستمی ئیدارەی ئابووریی کوردستان لەم روویەوە پێویستی جیددی بە پێداچوونەوە هەیە  ولەم پێناوەدا بە لەبەر چاو گرتنی تەجروبەی وڵاتانی سەرکەوتووی وەک تایلەند و کۆریای باشوور  پێویستیمان بە دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت و بەرپرس لە سیاسەتی گەشەی ئابووریی هەیە. ئەم کارە لە بارودۆخی ئێستادا ئەرکی دەوڵەت و حکوومەت و ئەحزابی کاربەدەستە کە دەبێ دەستپێشخەریی ئەم ئەرکە بگرنە سەر شانی خۆیان.

بۆ ئەوە کە حکوومەت لەم ئەرکەی دا سەرکەوتوو بێت دەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی مۆدێرنیشی هەبێ .

سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنی وڵات خالێک زۆر گرینگە ئەوەش بریتییە لە پێناسەی ئۆپۆزیسیۆن  لە باشترین حالەتی خۆیدا وەک حەرکەیەکی پۆپۆلیستی، ئەم چەمکە وەک شتێکی نێگاتیڤ باسی لێوە کراوە، بەلام راستی ئەوەیە کە لایەنی هەرە بەرجەستەی ئۆپۆزیسیۆن هەر پۆپۆلیست بوونەکەی بووە، پۆپۆلیسم حەرەکەی دژی دەستەلاتدارانە و لە زۆربەی جاراندا لایەنێکی عەدالەتخوازی هەیە  هەر بۆیەشە دەتوانێ خەلک لە خۆی کۆ کاتەوە و ببێتە خاوەن هێز. بەلام حەرکەی پۆپۆلیستی قەت توانای پێشکەش کردنی چارەسەری نییە  ئەمە ش دەبێ هۆکاری سەرەکی شکستی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستاندا دەست نیشان بکرێ.

ئەوەی ئێستا ئۆپۆزیسیۆن و حکومەت قەبوولی بکەن بریتییە لە قەبوولی مۆدێرنیتە بە واتای بە هێز کردنی کۆمەلگای کوردیی کە ئەوەش بە رێگای بەشداریی هەر چی زۆرتری خەلک لە ژیانی سیاسی و ئابوورییدا مومکینە، گشت ئەم ئەرکانە بە گەشەی سەرمایەی مرۆڤییەوە مومکینە.

یان مۆدێرنیتە و گەشەی سەرمایەی مرۆڤی و دامەزراندنی سیستمی بە هێز بۆ بەرگری لە خۆمان لە مەیدانی ئابووریی و سیاسی و ئیدارییدا قەبوول دەکەین و بە هەموو لایەکمانەوە هەولی بۆ دەدەین یان  هەر چەند سالە جارێک دەکەوینە بەر پۆستالی داگیرکەران و لە سیستمی بێ روحمی سیاسی و ژیئۆپۆلیتیکی دنیای مۆدێرندا سەرکووت دەکرێین.

 

بابەتی زیاتر